کاتێک ئاوڕ لە رۆژگاری کاری نهێنی دەدەمەوە، پێش دروشم و بڕیارەکان، رووخساری هاوڕێکانم دێتە بەرچاو، ئەوانەی لە رۆژە سەختەکاندا پشتی یەکتر بووین و لەگەڵیان فێربووم کە متمانە بە ئاسانی دروست نابێت، بەڵام بە ئاسانی لە دەست دەچێت. ئەو ساڵانە بە تەنیا بەشێک لە مێژووی سیاسیی ئێمە نین، بەشێکن لە تەمەن و پێکهاتەی رۆحمان.
کاری رێکخراوەیی لە نهێنیدا واتایەکی قووڵی هەبوو. وشەیەک دەبوو بە ئەندازە بگوترێت، نامەیەک بە ئەمانەت بگات و وادەیەک بپارێزرێت. کەمترین بێ ئاگایی دەیتوانی ژیانی هاوڕێیەک بخاتە مەترسییەوە. لەوێدا بەرپرسیارێتی تەنیا ناونیشانێک نەبوو، هەستی ئەوە بوو کە چارەنووسی کەسانی تر بە هەڵسوکەوتی تۆوە بەستراوەتەوە.
لەو رۆژگارەدا مرۆڤ پێش ئەوەی بە قسەکانیدا بناسرێتەوە، بە کردارەکانیدا دەناسرایەوە. ئەوە گرنگ بوو لە کاتی تەنگانەدا لە کوێ دەوەستیت، چۆن ئەمانەت دەپارێزیت و تا چەند ئامادەیت باری هاوڕێیەکت سووک بکەیت. رێکخستن بەو متمانەیە دەژیا، بە دڵنیایی لەوەی  کەسێک هەیە لە کاتی پێویستدا پشتت تێ ناکات.
کاتێک ناوی خاڵە شیهاب، کاک ئارام و کاک عەلی عەسکەری دەهێنم، بیر لەوە دەکەمەوە کە مێژووی خەباتمان چەند پێویستی بە گێڕانەوە و تۆمارکردن هەیە. هەر ناوێک دەرگایەک دەکاتەوە بۆ بەشێک لە بیرەوەرییەکان، بەشێک کە نابێت لەگەڵ تێپەڕینی تەمەندا ون بێت. ئەوەی لە یادمان ماوە، پێویستە بە وردی و دادپەروەری بنووسرێتەوە، بە پاراستنی راستی و مافی ئەوانەی لەگەڵماندا بوون.

 
"لە کاروباری گشتیدا، روونی و وەڵامدانەوە بنەمای متمانەی خەڵکن،
مافیان هەیە بزانن بڕیارەکان چۆن دەدرێن، پلە و پایە چۆن دابەش دەکرێن،
بەڵێنەکان تا چەند جێبەجێ کراون و هۆکاری دواخستنی جێبەجێکردنیان چییە؟!
"


کاتێکیش بیر لە مام جەلال و کاک نەوشیروان دەکەمەوە، تەنیا وێنەی دوو رابەر نایەتە بەرچاوم، بەشێکی گرنگ لە ئەزموونی سیاسیی خۆمان لەبەردەممدا زیندوو دەبێتەوە. بۆ من، بیرەوەریی مام جەلال هانی بیرکردنەوە لە گفتوگۆ و فراوانیی پەیوەندییەکان دەدات، ناوی کاک نەوشیروانیش پرسیاری رێکخستن، وردبینی و پێداچوونەوە دەهێنێتە پێشەوە. وەفاداری بۆ ئەو ئەزموونانە لەوەدا دەبینم کە بیانخوێنینەوە، سوودیان لێوەربگرین و توانای رەخنەگرتن لە خۆشمان بپارێزین.
هەر یەکێکیان بە شتێک لە یادمدا ماونەتەوە: پەیامی خاڵە شیهاب «کەم بژی و کەڵ بژی» بوو، شیرینیی کاک ئارام بۆ رێکخستنەکان، نامە چکلێتییەکانی بوو، کاک عەلی بە متمانەبەخۆبوونی، کاک نەوشیروان بە کارقایمییەکەی و مام جەلالیش بە ورەبەرزییەکەی لە یادمدا ماونەتەوە. ئەمانە بۆ من تەنیا خەسڵەتی چەند سەرکردەیەک نەبوون، وانەی ژیان و خەبات بوون کە تا ئەمڕۆ لەگەڵم دەژین.
 ئەمڕۆ بارودۆخ گۆڕاوە. شێوازەکانی پەیوەندی، خواستەکانی خەڵک و ئەرکەکانی کاری سیاسی وەک ئەوسا نین. نەوەیەکی نوێ هاتووەتە مەیدان کە پرسیاری خۆی هەیە و دەیەوێت بەشدارییەکی راستەقینەی هەبێت. ناتوانین وەڵامی هەموو پرسیارێکی ئەمڕۆ لە رابردوودا بدۆزینەوە، بەڵام دەتوانین بە ئەمانەتداری و هەستی بەرپرسیارێتیی ئەو رۆژگارە، رووبەڕووی پرسیارە نوێیەکان ببینەوە. ئەوسا پاراستنی نهێنی مەرجێکی پاراستنی ژیان و بەردەوامیی خەبات بوو. ئەمڕۆ، لە کاروباری گشتیدا، روونی و وەڵامدانەوە بنەمای متمانەی خەڵکن. نابێت سروشتی داخراوی سەردەمی نهێنی ببێتە بەربەست لەبەردەم رەخنە و بەشداریدا. خەڵک مافیان هەیە بزانن بڕیارەکان چۆن دەدرێن، پلە و پایە چۆن دابەش دەکرێن، بەڵێنەکان تا چەند جێبەجێ کراون و هۆکاری دواخستنی جێبەجێکردنیان چییە؟!
کاری رێکخراوەیی ئەمڕۆش بە لیستی ناو و ژمارەی کۆبوونەوە پێوانە ناکرێت. بەوە پێوانە دەکرێت کە چەند لە خەڵک نزیکین، چەند گوێیان لێدەگرین و تا چەند دەنگ و ئازاریان دەگەیەنینە شوێنی بڕیار. رێکخستنێک کە تەنیا لە وەرزی هەڵبژاردندا لە دەرگای خەڵک بدات، ناتوانێت چاوەڕێی متمانەیەکی بەردەوام بێت. پەیوەندیی راستەقینە لە رۆژە ئاساییەکاندا دروست دەبێت و لە کاتی گرفت و پێویستیدا تاقیی دەکرێتەوە.
بە هاوڕێ گەنجەکانمان دەڵێم: بخوێننەوە، بپرسن و لە هەڵەکردن مەترسن، بەڵام هەڵەکانتان مەشارنەوە. سوود لە ئەزموونی نەوەکانی پێش خۆتان وەربگرن و مافی بیرکردنەوەی خۆشتان بپارێزن. لە سیاسەتدا ناوی باش بەئارامی دروست دەبێت، بە راستگۆیی، بە کار و بە رێزگرتن لە خەڵک.
ئێمەی نەوەی دێرینیش دەبێت شوێن بۆ گەنجان بکەینەوە، بەرپرسیارێتییان پێ بسپێرین و لە کاتی هەڵەدا یارمەتییان بدەین. ئەزموون کاتێک بەسوودە کە رێگا روون بکاتەوە، نەک ببێتە پاساوێک بۆ داخستنی دەرگا. رابردوومان، لەگەڵ شانازییەکانی، هەڵە و دەرفەتی لەدەستچووشی تێدایە. گێڕانەوەی ئەو هەمووە وانەیەکی راستگۆیانەترە بۆ نەوەی داهاتوو. من هیوام بەو گەنجەیە کە پرسیار دەکات، بەو هاوڕێیەی کە رەخنە دەگرێت و لە هەمانکاتدا دەستی بۆ کار درێژ دەکات، بەو بەرپرسەی کە هەڵەی خۆی دەبینێت و هەوڵی چاککردنەوەی دەدات. ئەمانە هەموویان نیشانەی زیندووبوونی کاری سیاسین لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
ئەوسا زۆرجار ناومان دەشاردەوە تا کارەکەمان بەردەوام بێت. ئەمڕۆ ناومان ئاشکرایە، با کارەکەمان شایەنی ئەو متمانەیە بێت کە خەڵک پێمان دەبەخشن. جوانترین وەفاداری بۆ هاوڕێیانی رابردوو ئەوەیە کە نەوەی دوای خۆمان بە هیوایەکی زیاتر و بۆ رێگایەکی روونتر رێنمایی بکەین.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved